|
چۆن خۆشه‌ویستی
له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌رببڕین؟
و/ لیدا 4-12-2010
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌دا جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه ده‌بێت
خۆشه‌ویستیمان بۆ منداڵه‌كانمان به‌بی مه‌رج بێت، خۆشه‌ویستی به‌بی مه‌رج
به‌واتای خۆشه‌ویستییه‌كه هیچ هه‌لومه‌رجێكی بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و
خۆشه‌ویستییه ده‌ستنیشان نه‌كردووه، به‌بی كۆتایی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌یان
پێشكه‌ش ده‌كرێت. هه‌ندێك له‌دایكان و باوكان وه‌كو رێگایه‌ك بۆ
كۆنتڕۆڵكردنی منداڵه‌كانیان سود له‌خۆشه‌ویستییان وه‌رده‌گرن، یان هه‌ندێك
له‌دایكان و باوكان ته‌نها له‌و كاتانه‌دا خۆشه‌ویستییان بۆ منداڵه‌كانیان
ده‌رده‌بڕن كه‌ڕه‌فتاری منداڵه‌كانیان بووه‌ته هۆی خۆشحاڵییان، ئه‌گینا
خۆشه‌ویستییان بۆی ده‌رنابڕن، چونكه منداڵان پێویستییه‌كی زۆریان
به‌خۆشه‌ویستی دایك و باوكیان هه‌یه، به‌دڵنیاییه‌وه دایك و باوك به‌سود
وه‌رگرتن له‌و شێوازه به‌هێزه ده‌توانن ره‌فتاریان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و
به‌سه‌ریاندا زاڵ‌بن، به‌ڵام ئه‌و شێوه‌یه نه‌ك هه‌ر كاردانه‌وه‌ی
نێگه‌تیڤی جدی بۆ گه‌شه‌ی كه‌سایه‌تی منداڵ هه‌یه، به‌ڵكو بنه‌مای
هه‌ستكردن به‌ئاسایش تیایاندا تووشی لادان ده‌كات، ئه‌گه‌ر منداڵه‌كانتان
وا هه‌ست بكه‌ن ته‌نها له‌و حاڵه‌تانه‌دا خۆشتانده‌وێن كه‌كارێكی باش
ده‌كه‌ن، ئه‌وا له‌داهاتووشدا به‌شك و گومان و نه‌بوونی دڵنیاییه‌وه
ده‌ژین، ئه‌و بارودۆخه نه‌ك هه‌سته‌كانیان به‌دایك و باوكیانه‌وه گری
ده‌دات، به‌ڵكو كه‌سایه‌تی تایبه‌تییان له‌ناو ده‌بات و ده‌یانكات
به‌كه‌سێك كه‌باوك و دایكیان ده‌یانه‌وێت، له‌كۆتاییدا ئه‌و منداڵانه ئه‌و
شتانه‌ی كه‌حه‌زی پێده‌كه‌ن و گرنگی و بایه‌خیان بۆیان هه‌یه
وه‌لایده‌نێن، ته‌نانه‌ت له‌گه‌وره‌یشیاندا له‌ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه
له‌گه‌ڵ دایك و باوكیاندا ونبوونی كه‌سایه‌تییان ده‌پارێزن، ئه‌و دایك و
باوكانه‌ی سود له‌فرت و فێڵی نه‌بوونی ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆ زاڵبوون
به‌سه‌ر ره‌فتاری منداڵه‌كانیان وه‌رده‌گرن، له‌ڕاستیدا ده‌بنه رێگریان
له‌گه‌وره بوونیداو ناهێڵن ببنه تاكێكی سه‌ربه‌خۆو متمانه‌دار بۆ خۆیان و
گه‌شه‌كردنی ئه‌وسی لایه‌نه بنه‌ڕه‌تییه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
منداڵه‌كانتان له‌وه دڵنیا بكه‌نه‌وه هه‌رچه‌ند هه‌ندێكجار لێیان تووڕه
ده‌بن، یان یاسایان بۆ داده‌نێن، به‌ڵام سه‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌موو كه‌س
ده‌زانێت كه‌منداڵه‌كانتان خۆشده‌وێت، به‌ڵام خودی خۆیان (منداڵه‌كان)
ده‌بێت هه‌ستی پێ بكه‌ن كه‌به‌ڕاستی خۆشتانده‌وێن، چونكه ئه‌و هه‌سته بۆ
گه‌شه‌سه‌ندنی متمانه به‌خۆبوونیان پێویسته، ئه‌گه‌ر منداڵێك به‌باشی
گه‌شه‌یكردووه‌و به‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی ژیاندا زاڵه، به‌ڵام هه‌ستی
متمانه به‌خۆبوونی نه‌بێت، به‌ده‌گمه‌ن ده‌توانێت گه‌شه‌ی كه‌سایه‌تی خۆی
ته‌واو بكات، ره‌نگه كه‌سانێكی به‌ته‌مه‌ن گه‌وره‌ت بینیبێت، كه
به‌ڕواڵه‌ت سه‌ركه‌وتوو دیارن، به‌ڵام زۆر زوو بڕوا به‌خۆبوونیان
له‌ده‌ستده‌ده‌ن، له‌ڕاستیدا هێشتا ئه‌وانه منداڵانێكی زیان پێگه‌یشتوون،
كه به‌هۆی نه‌بوونی متمانه له‌به‌رامبه‌ر خۆشه‌ویستی دایك و باوكیانه‌وه
تووشی بۆشایی بڕوا به‌خۆبوون بوون.
من پێشنیاری ئه‌وه ناكه‌م منداڵه‌كانتان نوقمی خۆشه‌ویستی بن، یان ببنه
هه‌موو دنیاتان، ته‌نها ئه‌وه‌نده به‌سه به‌وته‌و كاره‌كان ئه‌وان
دڵنیابكه‌ینه‌وه كه‌گرنگییان پێده‌ده‌ن و چاودێرییان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر
كارێك ئه‌نجامبده‌ین پایه‌یه‌كی پته‌وو به‌هێزمان له‌ژیاندا بنیات ناوه
كه‌ده‌توانێت هه‌ستی بڕوا به‌خۆبوون و بایه‌خ به‌خۆدان بنیات بنێت.
له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌مان به‌هه‌ندێك باس كرد، باسێكی وه‌كو: گرنگ بوونی
بڕوای ناخ له‌دابینكردنی هه‌ستی سه‌ربه‌خۆیی له‌منداڵدا، ده‌رفه‌ت دان
به‌منداڵ بۆ قبوڵكردنی لێپرسراوێتی و هه‌روه‌ها ببنه سێبه‌رێكی باش، كه
له‌سایه‌یدا منداڵه‌كانیان بتوانن قسه‌و ده‌رده دڵی خۆیانیان بۆ باس
بكه‌ن.
به‌ڵام ته‌نها ره‌فتار، یان كاره‌كه‌ی ره‌نجاندوونی و تووڕه بوونیشتان
به‌و واتایه نییه كه‌ئیتر خۆشتان ناوێن.
|