القسم العربي                                           به‌شی كوردی                                                English Section

 

 

 

 

25ی نۆڤەمبەر بەسستی تێپەڕی و توندووتیژییەكانیش روو لەزیادبوونن

18-12-2011
وێڕای راگەیاندنی پلانی ستراتیژی خێزانی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ، هەڵسوڕاوانی مافی ژنانو ئەندام پەرلەمانان پێیانوایە هەڵمەتی رۆژی 25ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ سست و لاواز بوو، دیاردەكەش بەردەوام لەزیادبووندایەو پارلەمانتارێكیش دەڵێت "نەك تەنها 16 رۆژ، ئەگەر لەوەش زیاتر بێت كاریگەریی ئەوتۆی نابێت".
كاری هاوبەشنەكراوە
چلوورە هەردی چالاكوانی بواری مافی ژنان، پێیوایە هەڵمەتی ئەمساڵ و ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی 25ی نۆڤەمبەر تایبەت بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان، كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە (16) رۆژی بۆ تەرخانكراوە، كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان نەبووە، وتی" ئەمساڵ هەستم بەوە كردووە كاركردنی ئێمە بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی بەئاڕاستەی دروستدا هەنگاوی هەڵنەگرتووە، چونكە توندوتیژییەكان نەك هەربەردەوام بوون، بەڵكو زیاتربوون."
هەردی ئاماژەشی بەوەدا كەپێویستە سەرجەم رێكخراوەكانی ژنان و دەسەڵاتی سیاسی و دەزگا پەیوەندیدارەكان، بەپلانێكی نیشتیمانی تۆكمە كاری جدی بۆ ئەم مەسەلەیە بكەن، "بەڵام بەداخەوە لەو كارانەشی كە دەكرێت كاری (هاوبەش)یی نابینرێت تەنانەت خۆئامادەكردن بۆئەم هەلمَەتە درەنگ دەستی پێكردو هەندێ لەڕێكخراوەكانی ژنانیش نازانن كە چی دەكرێت" .
رەوەند سابیر بەرێوبەری راگەیاندنی بەرێوبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژی ژنان، ئاماژەی بەوەدا كە گرنگترین كار لەم رۆژەدا ئەنجامدراوە راگەیاندنی (پلانی ستراتیژی خێزانی ) بوو كەلە لایەن وەزارەتی ناوخۆو رێكخراوی (یو ئێن دی پی) راگەیەنراو تاساڵی 2014 بەردەوام دەبێت و بودجەیەكی زۆریشی بۆ تەرخانكراوە.
هەڵمەتەكە
كاریگەریی ئەوتۆی نییە
سیوەیل عوسمان ئەندامی پارلەمانی كوردستان، سەبارەت بەچالاكییەكانی ئەمساڵ، بۆ رێوان وتی" نەك تەنها 16 رۆژ، بەڵكو زۆر لەوە زیاتریشی بۆ تەرخانبكەن كاریگەریی ئەوتۆی نابێت، چونكە ئەو كۆبوونەوەو سیمینارانە ژنان بەزۆری بەشداری تێدادەكەن لەكاتێكدا توندوتیژی لەناو خێزاندایە واتە بەدایك وباوكو براو كوڕەوە دەبێت لەبارەی ئەم دیاردەیە هوشیاربكرێنەوە."
كەی ژن بەرهەمهێنەر بوو
توندوتیژییش نامێنێت
ئەحمەد سالاری هونەرمەند بۆچوونێكی تری هەیەو كێشەی ژن دەبەستێتەوە بەبەرهەمهێنانەوەو پێیوایە كێشەی ژنان بەم هەڵمەتانە چارەسە ناكرێت، وتی" توندوتیژی دژی ژنان بەرهەمی پاشكۆبوونی ئافرەتە بۆ پیاو ئەوەش لەئەنجامی چۆڵبوونی لادێكان و دروستبوونی ئۆردوگا زۆرە مللێكان دروستبوو، چونكە تاكاتێك ژن بەرهەمهێنەر بوو بەتایبەت لە قۆناغی كشتوكاڵی بەرێزەوە سەیر دەكراو ئەم توندوتیژییە نەبوو."، وتیشی "لە ئێستادا ئەو خێزانانەی لە لادێیەكاندا كشتوكاڵ دەكەن توندوتیژی لەناویاندا نابینرێت."
توندوتیژییەكان لەبری ئەوەی كەمبكاتەوە زیادیكردووە!!
لێرەدا ژنان رۆژانە پرسیارێك دووبارەدەكەنەوە بۆچی وێڕای ئەوەی رێكخراوەكانی ژنان ئەو هەمووكاروماندووبوونە دەكێشن و بودجەیان بۆتەرخانكراوە، هەروەها هەڵمەتەكانی حكومەت كە بۆبەرنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی ئەنجامیدەدات، بەڵام توندوتیژی دژی ژن لە كۆمەڵگای كوردیدا نەك هەر كەم نابێتەوە، بەڵكو لەزیادبووندایە، لەمبارەیەوە مەهاباد قەرەداغی نوسەر هێمای بۆ ئەوەكرد كە ئەم جۆرە هەڵمەتانە كاریگەریی ئەوتۆی نابێت ئەگەر وەكو هەڵسوكەوت و حاڵەتی رۆژانە پەیڕەو نەكرێت چ ئەو شتانەی كە وەكو تیۆر یان پراكتیك پەیوەندی بە ژیانی تاك و كۆو دەزگاكانەوە هەیە، قەرەداغی پێشیوایە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار چاودێرێكی وردی ئەو تیۆرانە بێت كەجێبەجێدەكرێن و ئەو میتۆدانەی بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی بەكاردێن لەئەرزی واقیعداو بەردەوام هەڵسەنگێندرێن و ئەگەر دەركەوت كاریگەرییان نەبوو ئەوە دەبێت دەستكاری بكرێن و بگۆرێن." بەڵام هودا سابیر زەنگەنە چالاكووانی مافەكانی ژنان، بەگەشبینییەوە دەڕوانێتە هەڵمەتەكە، وتی" ئەم 16 رۆژە بۆ پێداچوونەوە بەكارەكانی ساڵی رابردووەو پلاندانانە بۆ ساڵی ئایندە."
ساتێكە بۆ بەخۆدا
لەلایەی خۆیەوە ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرز نرخاند، وتی" هەڵمەتەكە باشەو كاریگەریی خۆی هەیە، ئەگەر هیچ نەكات ئەوە ساتێكە بۆ ئەوانەی توندوتیژی ئەنجامدەدەن كەبەخۆیاندا بچنەوەو راچڵەكێن، هەروەها گرنگی زۆری هەیە بۆ ئەوانەی بەشداری ئەو سیمینارو وۆرك شۆپانە دەكەن و كاریگەریی ئەرێنی لەسەریان بەجێدەهێڵێت."
دەبوایە پلانی گەیشتن بە قوربانییەكانی توندوتیژی لەخۆبگرتایە
تەنیا جەمالی رۆژنامەنووس لەوەزارەتی كار، بەمشێوەیە بۆچونی خۆی بۆرێوان دەربڕی، وتی "هەڵمەتی ئەم ساڵ وەكو ساڵانی پێشوو تەقلیدی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێمباشە."، ئەو وتیشی" پێویست بوو لەم 16 رۆژەدا بەرنامەمان دانابایەو لێكۆڵینەوەمان بكردایە لەسەر ئەوەی كە چۆن دەستمان بگاتە ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت، هەروەها ژنانی لادێو دوورەدەست بەچ ئامرازێك دەستمان بییانگاتێ و یارمەتییان بدەین.."
گرنگە پێداچوونەوە بۆ كاری رێكخراوەكان بكرێت
بەڕەئی سیروان گەردی وتەبێژی فراكسیۆنی رێكخراوەكان، گرنگترین كار كە لەهەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەنجامدرابێت ،"راگەیاندنی ستراتیژی پلانی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی بوو." گەردی جەختیشی لەوەكردەوە كەپێ باشە كە "پێویستە پێداچوونەوە بۆ كاری رێكخراوەكان بكرێت، رێكخراوی واهەیە بەهۆی كێشەی ژنانەوە مانگانە 400 ملیۆن دینار نەسریەیەتی، كەچی كارێكی ئەوتۆی نەكردووە."
گوزەران نەگۆڕاوەو

پیاوان هەر توندوتیژن
لەماوەی ئەو 16 رۆژەدا زۆرێك لەژنان لە شاروشارۆچكەكان، رۆژەكەیان بەئاسایی گوزەراندووەو هەر نەشیانزانیوە چ باسە، لە بازاری شێخەڵلای هەولێر ئاشتی ئیسماعیل كەخەڵكی گوندی سێبەردانی هەولێرە، وتی"سەرمان لەم شتانە دەرناچێ و گوزەران هەروەك خۆیەتی و پیاوان هەر توندوتیژیی خۆیان بەرامبەر بە ژنان دەكەن."
لەئێستادا پیاو زیاتر حیساب بۆ ژن دەكات
بەپێچەوانەی ئاشتی، لەیلا محەمەد لەگەرەكی سێتاقانی هەولێر دەڵێت " جاران پیاوان ئەوەندە حسابیان بۆ نەدەكردین، بەڵام لەئێستادا شوێن و رێكخراو هەیە لێمان دەپێچێتەوە بەهانامانەوە دێن، بۆیە پیاوان لەئێستادا زیاتر حسابمان بۆ دەكەن."
هیچ نەكراوە تەنها ژنانیان هاركردووە
بێگومان پیاوان بێ قسەنین و هەڵوێستی خۆیان هەیە، حەسەن عەلی دوكاندار دانیشتووی گەڕەكی گوڵانی هەولێر، وتی "توندوتیژی دژی ژنانی چی ؟ هیچ نەكراوە جگە لەوەی ژنانیان لێهار كردووین." بەپێچەوانەی حەسەن، هەمزە ئەنوەری تەمەن 37 ساڵ دانیشتووی گەڕەكی ئازادی لە هەولێر، پێیوایە ژنان زوڵم لێكراون وتی" ئەم جۆرە هەڵمەتانە كاریگەریی باشی هەیەو وشیارییان دەكاتەوە."


سه‌رچاوه‌/ رێوان- كوردستان رەسوڵ