لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌كی                                                                             ده‌رباره‌ی سه‌نته‌ر                                                        په‌یوه‌ندى

 

 

 

 

شه‌خته
یەک و دوو گەلی میسر بۆ کوێ چوو؟ ‌


ڤیان مەجید   2-2-2011
ئاخر خۆ دەمێک نییە حوکمی دیکتاتۆرێکی دژ بەمرۆڤایەتی کۆتایی هاتووە، ئەوەتا دوای کۆتایهێنان بەحوکمەکەشی، گەلەکەی لەڕۆژی جەژندا کردیانە قوربانی و لەخۆشییاندا گریان.
ئەدی ئەمە بەس نەبوو! بۆچی سەرانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەرسیان لێ وەرنه‌گرت! ئەی چەند ساڵێک پێش ئێستا نەبوو پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە مژدەی کرانەوەی سیاسی و دیموکراسی و تەنانەت ژیانی باشتری ئابووری و پەروەردەیی و تەندروستی بەگەلانی ئەم ناوچەیەدا؟ بۆچی سەرانی ئەم وڵاتانە لەم دوو پەیامە نەگەیشتن؟ کە دارفۆر پەیمانی ئازادی بەخۆیدا دیکتاتۆرەکانی تر ئەمەیان بەگاڵتەزانی؟ ئەی کەتونس دڵی دیموکراسیانەی کەوتە ترپەو دەنگی نەخێری بۆ باڵادەستی رەها بەرزکردەوە، ئەم دیکتاتۆرانە لۆکەیان لەگوێدا بوو؟ کورد وتەنی ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە، کەچی ئەم وڵاتانە، راستترە بڵێم ئەم ئیمپراتۆریایانەی دیکتاتۆریەت و ئەم کۆماریە پاشایەتیانە، زۆر گێلن و لەهیچ ناگەن چونکە لەو مەسج-ە خێرایانە تێناگەن کەدەوروبەر بۆیان دەنێرن و بەپێچەوانەوە دەیانخەنە فۆڵدەری (Spam)ەوە، چونکە وا دەزانن ئەگەر پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ لایەنێک نەبێت نابێت نامەکانیان بخوێننەوە.
ناحەقیان ناگرم ئەوان لەبەر گیرفانپڕکردن و ئیدارەدانی پرۆژە خێزانییەکانیان کوا دەیانپەرژێتە سەر شتی تر، یەکی سی ساڵ لەحوکم دەمێنن و بەنیازیشن پاشان بەگۆڕانکارییەکی دەستووریی کوڕەکان و کەسە پلەیەکەکانیان بخەنە دەسەڵاتەوە، بۆچی چونکە ئەوان (سلالە)ن.. بۆ کێ؟ منیش نازانم!
لەلوبنان رەفیق حەریری دەکوژرێ، کوڕەکەی، گەرچی بەهەڵبژاردن بووە حوکمدار، بەڵام ئەی ئەگەر کوڕی حەریری نەبوایە دەبوو بەچی؟ لەسوریا حافز ئەسەد دەمرێت و کوڕەکەی بەگۆڕانکارییەکی دەستووری دژ بەدەستوور کرایە سەرۆک و هەر کەبیستیشی بارودۆخ لەمیسر روو لەشلۆقییە خێرا تۆڕی ئینتەرنێتی لەوڵاتدا یاساخ کرد نەبا خوانەخواستە گەنجەکان لەڕێی فەیسبوک و تویتەرو ماسنجەرەوە شەیدای فەوزاکەی قاهیرەبن و ئەوانیش شام بکەنە شەکر!
لەتونس زەینلعابدین، شکور بۆ خوا کوڕی نەبوو کەچی خودا ژنێکی عەییاری دایە کەپێویستی بەدەعوەت نەبوو ببێتە سەرۆک و خۆی بەنیازبوو سوکانی دەسەڵات بگرێتە دەست! لەمیسر حوسنی موبارەک پتر لەسی ساڵە خۆی تەبریک دەکات و بەنیازە کوڕەکەی لەپاش خۆی بخاتە شوێنی! فریا نەکەوت، وا جارێ لێی قەوماوەو گەر ئەو ئەمریکاو ئەوروپایە لەبەرژەوەندی ئەمدا دەستوەرنەدەن بەخوا بەئاسانی ئەم خەونە نایەتە دی... دنیایەکی سەیرە! نزیکترین هاوپەیمان وا خەریکە غەرق دەبێت و کەچی کۆشکی سپی و ئەوروپا تەنها لەتوانایاندایە سەیربکەن! داوادەکەن توندوتیژیی سەربازی لەم خۆنیشاندان و راپەرینانەدا بەکارنەیەت، چاو بە هاریکارییەکانیاندا دەخشێننەوە و کۆبونەوەی خێرا سازدەکەن.
بەڕاستی کارەکە ئاسان نییە، ئەوەتا 70 ساڵە هاووڵاتی ئەم وڵاتانە فریودەدرێت بەبیانووی ئاینی و فکرییەوە کە گوایە وڵاتەکانیان دژ بەکافرو مەسیح و جولەکە دەجەنگن و ئەم گەلانەش بەخاتری موسوڵمانێتییان سکیان هەڵدەگوشن، کەچی کەبرسێتی تەنگیان پێهەڵدەچنێ ئینجا تێدەگەن و وەک هوتاف دەیڵێنەوە کەئەوان و مەسیحییەکان هەردوولایان میسرین و دژ بەدیکتاتۆریەت و بێکاریی و برسێتی دەجەنگن، دژ بەگەندەڵیی کارگێڕی و ئابووری دەجەنگن کە ئەو وڵاتەی نغرۆ کردووە لەقەرزداو تەنها ئەو گەلە برسییەش دەبێت باجەکەی بدات!
ئاخر ئەگەر گەلێک برسی نەبێت تاڵانی بۆ دەکات! گەر رۆشنبیریش نەبێت و خوێنی نیشتمانیبوون لەجەستەیدا نەگەڕێ کەی گوێ بەپاشماوە دێرینەکان دەدات بیانپارێزێت! ئەم دیمەنانە هەموویان پێکەوە گڕوتینێکمان دەدەنێ کە بەهای نیشتمان بزانین و تێشبگەین لەوەی ئازادی بۆ فکرو نانیش بۆ سک دوو دیوی ئەو دراوەن کەهەندێکجار هەردووکیان دابیندەکات و هەندێک جاری تریش هیچ بەهایەکی نییە چونکە یەک بێ ئەوی تر بێ بەهایە ئەمما بێ بەها.
 

*ناونیشانی گۆشەکە یەکێک لەھوتافەکانی راپەڕینەکەی شاری سوێسە لەمیسر.
گۆشەیەکی گشتییە رۆژانی سێشەممە له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بڵاودەبێتەوە