|
ته‌ڵاق لای ژنان

ئا/ نیشتمان عوسمان 3-5-2008
ته‌ڵاق وشه‌یه‌كه كه له‌دوای دروست بوونی
گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیرییه‌وه بوونی هه‌یه، جاران به‌زۆری ته‌ڵاق لای
پیاوان بوو، به‌ڵام به‌م دواییانه ئه‌و مافه درا به‌ژنانیش كه‌ته‌ڵاقیان
به‌ده‌ست بێت به‌مه‌رجێك له‌گرێبه‌ندی هاوسه‌ریه‌كه‌دا نوسرابێت ئه‌وا ژن
ده‌توانێت ته‌ڵاقی به‌ده‌ست بێت. بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی هاوڵاتیان
ریپۆرتاژێكمان ئاماده‌كردووه تابزانین چه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ژن
ته‌ڵاقی به‌ده‌ست بێت.
ئارێز جه‌لال/
من حه‌ز ناكه‌م ته‌ڵاق له‌ده‌ست ژن بێت، چونكه له‌سه‌ر بچووكترین شت
ده‌توانێ ته‌ڵاقم بدات:
به‌بۆچوونی من جیاوازی ئه‌و تۆ نیه له‌نێوان ژنان‌و پیاوان، به‌ڵام
ناشمه‌وێت ته‌ڵاق به‌ده‌ست ژن بێت ، چونكه ژن توانای قبوڵكردنی زۆر شتی
پیاوه‌كه‌ی ناكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیاویش زۆر عه‌صه‌بیه، به‌ڵام پیاو
ده‌توانێ خۆی بگرێت‌و ته‌ڵاق كه‌متر به‌كاربهێنێت، به‌ڵام من حه‌ز ناكه‌م
ئه‌مه ببێته دیارده‌و ته‌ڵاق به‌ده‌ست ژن بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌له‌دا
نیم بۆ ژنان.
شلێر ره‌وف/
حه‌زناكه‌م ته‌ڵاقم به‌ده‌ست بێت، چونكه زۆر عه‌صه‌بیم ره‌نگه رۆژی
دووسێ جار پیاوه‌كه‌م ته‌ڵاق بده‌م:
من وه‌ك كچێك نامه‌وێت كه‌چوومه ژیانی هاوسه‌رییه‌وه ته‌ڵاقم به‌ده‌ست
بێت، چونكه ره‌نگه نه‌توانم هه‌موو شت له‌پیاو قبوڵ بكه‌م، به‌بۆچوونی
من پیاوان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر عه‌صه‌بین، به‌ڵام مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ
وشه‌ی ته‌ڵاق باشه هه‌رچه‌نده لای زۆرێك له‌پیاوان ته‌ڵاق ووشه‌یه‌كی
زۆر ئاسانه‌و زۆریش به‌كاری ده‌هێنن، من قه‌ت ئه‌و پیاوانه
به‌سه‌ركه‌وتوو نابینم له‌ژیانی هاوسه‌ریدا كه‌به‌رده‌وام ووشه‌ی ته‌ڵاق
به‌كاردێنن.
به‌همه‌ن كه‌ریم/
زۆر لام ئاساییه ته‌ڵاق به‌ده‌ست ژنه‌كه‌م بێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌یه‌كمان خۆش
بوێت جیاوازی نییه ته‌ڵاق لای كاممان بێت:
لای من گونجاندن بنه‌مای سه‌ره‌كییه بۆ به‌خته‌وه‌ری خێزان ئه‌گه‌ر من
له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م كێشه‌م نه‌بێت ته‌ڵاق وجودی نابێت لای من، گرنگیش
نییه ته‌ڵاق لای ئه‌ویش بێت زۆر ئاساییه، چونكه كه‌خۆشی ویستم ته‌ڵاقم
نادات منیش به‌هه‌مان شێوه.
ناسكه خدر/
ده‌مه‌وێت ته‌ڵاق به‌ده‌ست خۆم بێت، چونكه پیاو زۆر ووشه‌ی ته‌ڵاق به‌كار
ده‌هێنێت:
هه‌رچه‌ند ئاساییه لای پیاویش بێت به‌بۆچوونی من، به‌ڵام حه‌زیش ده‌كه‌م
ته‌ڵاق له‌ژیانی هاوسه‌ری مندا به‌ده‌ست خۆم بێت، چونكه زۆر له‌وشه‌ی
ته‌ڵاق ده‌ترسم پیاویش زۆر ئه‌و وشه‌یه به‌كار ده‌هێنێت. بۆیه هه‌تا بۆم
بكرێت ده‌مه‌وێت ته‌ڵاق لای خۆم بێت هه‌رچه‌نده شتێكی مه‌حاڵیشه،
چونكه ئه‌وه‌ی تائێستا ته‌ڵاقی به‌ده‌سته مه‌به‌ست له‌ژنانه زۆر
رێژه‌یه‌كی كه‌من بۆیه هیوادارم ژنانیش به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و مافه‌یان
هه‌بێت.
هیوا جه‌زا/
كاتێك نه‌گونجان كه‌وته نێوان دوو هاوسه‌ر به‌بۆچوونی من جیاوازی نابێت
ته‌ڵاق لای كامیان بێت:
ئه‌و كاته‌ی دوو كه‌س ده‌چنه پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌وه ئه‌گه‌ر تا دوا
راده بڕوا‌و قه‌ناعه‌تیان به‌یه‌ك هه‌بێت پێم وانییه هیچ كام
له‌ماره‌یی‌و ته‌ڵاق‌و ته‌واوی شته‌كانی تر كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر
ئه‌م دوو كه‌سه‌و له‌حاڵه‌تێكیشدا كه‌نه‌گونجان‌و پچرانی شیرازه‌ی خێزان
روویدا‌و رێزوو خۆشه‌ویستی نه‌ما ئه‌وا هیچ كام له‌شته‌كان به‌هایان
نییه‌و له‌م كاته‌دا جیاوازیش نابێت ته‌ڵاق لای كامیان بێت، چونكه لای
هه‌ركامیان بێت بڕیاری جیابوونه‌وه‌و ته‌ڵاق ده‌ده‌ن.
|