|
نالی
25-4-2011
نالی دامە‌زرێنە‌ری قوتابخانە‌ی شیعری بابانه‌و یه‌كێكه
لەگەو‌رە‌ترین شاعیرەکانی سۆرانە، ئه‌م شاعیره ناوی خدر کوڕی
ئەحمدی شاویسی ئاڵی بەگی میکایه‌ڵییەو له‌ساڵی 1797 لەگوندی خاک‌و
خۆڵ لە دەشتی شارەزوور له‌دایكبووه.
نالی ھه‌ر لەتەمەنی منداڵییه‌وه نراوەتە بەر خوێندنی حوجرە، لەسەرتادا
قورئان و كتێبی فارسی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری وه‌ك فەرموودەی
پێغه‌مبه‌ر درودی خوای له‌سه‌ر بێت و سەرف و نەحو و کەلام و بەلاغەو فەلەک
و فیقھ و ژیاننامه‌ی خوێندووە، دواتر ئیجازەی زانستی وەرگرتووه.
نالی لەچەندەھا شوێنی وەک سنەو سابڵا‌غ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا
مامۆستای باشی ئەو سەردەمە خوێندوویه‌تی، دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی،
مەلایەکی باش و رۆشنبیرێکی گەورەی سەردەمی خۆی لێده‌رچووه.
ئه‌م شاعیره ناوداره‌ی كورد جگە لەزمانەکەی خۆی فارسی و تورکی و عەرەبی بە
باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون.
نالی لەگەڵ ھەر دوو میری بابانی هاوزه‌مانی خۆی واتە سلێمان پاشا و ئەحمەد
پاشا پەیوەندییەکی باشی ھەبووە.
لەدوای بیست و پێنج ساڵ له‌تەمەن واتە لەدەوروبەری ساڵی ١٨٤٨ دا نالی
کوردستان جێدەھێڵێت و دەچێتە حەج و دوای تەواوکردنی حەجەکەی رووی کردۆتە
شام و لە ساڵی ١٨٥٠ تا کۆتایی ساڵی ١٨٥٤ نالی لە شام بووە، لەو ماوەیەدا
میرنشینی بابان دەڕووخێت و دەنگوباسی رووخانەکەی پێدەگات، له‌و كاته‌دا
ھەستدەکات خۆشیەکەی سلێمانی نەما، حەبیبە نەما، دۆست و ئەحبابەکانی وەکو
جاران نەمان، سوپاکەی ئەحمەد پاشا تیاچوو، سوپای رۆم جیهانی گرتەوە، سالم-
یش نەک ھەر ھاندەری نابێت کە بگەڕێتەوە سلێمانی بەڵکو تکای لێدەکات
نەشگەڕێتەوە، وەکوو لە قەسیدەکەیدا دەڵێت:
تو خوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر
هه‌ر بۆیه نالی نا‌ئومێد بووەو بە ناعیلاجی رووی لە ئەستەنبوڵ کردووەو لەوێ
لەلای ئەحمەد پاشای بابان دەبێت لەگەڵ پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و
ئەدیبانەیان لەدیوەخانی ئەحمەد پاشادا به‌سه‌ربردووه‌و ھەموویان بە مامۆستا
بانگیان کردووە.
هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری شیعره‌كانی نالی دڵدارین به‌ڵام ئه‌م
شاعیره له شیعر نیشتمانی و دینداریشدا به‌باشی توانیویه‌تی ئه‌سپی خۆی
تاوبدات.
ئه‌م كه‌ڵه شاعیره‌ی كورد كه هاوڕێ له‌گه‌ڵ سالم و كوردی به سێكوچكه‌ی
بابان داده‌نرێت، لە کۆتایی ساڵی 1873 دا لەشاری ئەستەنبوڵ کۆچی دوایی
کردووەو لەگۆڕستانی قەرج ئەحمدی ئەو شارە تەرمەکەی بەخاک سپێردراوه. |